Link

بە خێر بێن بۆ

پڕۆژەی هانسپێڵی کوردی

مەبەستی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە پەرەپێدانی ئامێری هەڵەگریی ڕێنووسی کوردیی سۆرانی و بنزاراوەکانییەتی کە ئاخێوەرانی کوردیش بتوانن لە بۆ ڕاست کردنەوەی هەڵەی نووسراوەکانیان کەڵکی لێ وەرگرن.


ئامانجی پڕۆژەکە

هانسپێڵ (Hunspell) هەڵەگرێکی ڕێنووسیی بەناوبانگە کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا سازکراوە و بە بەربڵاوی لە سەر ئامێرەکانی کامپیوتردا بۆ هەڵەگری بەکاردەهێندرێ. پڕۆژەکە لە لایەنی زۆر پڕۆگرامی بەکەڵکەوە پشتگری دەکرێ، وەکوو ئۆفیس، لیبرئۆفیس، فایرفۆکسی مۆزیلا، کرۆم و هتد. هەر بۆیە، وەکوو ئامێرێکی گرینگ لە بۆ زۆر زمانان پەرەیان داوەتێ و ئاخێوەرانی ئەو زمانانە لە بۆ ڕاست کردنەوەی هەڵەکانیان و پێداچوونەوەی نووسراوەکانیان سوودی لێ دەبینن.

هەر بەم مەبەستەشەوە، پڕۆژەی هانسپێڵی کوردی ڕێک خراوە لە بۆ ئامانجی ڕاستکردنەوە و هەڵەگریی ڕێنووسی زاراوەی سۆرانیی زمانی کوردی. پڕۆژەکە کراوەیە، واتە بۆ هەمووانە و هەمووان دەتوانن تێیدا بەشداری بکەن. لەم سەرەتایەوە، وەشانی ئێستای هەڵەگرەکە 23246 وشەی تەگ کراوی کوردی لەگەڵ 4293 یاسای مۆرفۆلۆژیک لە خۆ دەگرێ.

باشە بۆ وا درەنگ؟

هۆکاری سەرەکیی وە درەنگ کەوتنی وەها پڕۆژەیەک بۆ زمانی کوردی لە یەک وشەدا کەمتەرخەمیی خۆمان وەکوو گەلێک بووە. هەڵەگری ڕێنووس ئامێرێکی یەکجار سەرەتایییە کە دەبا زۆر زووتر لە بۆ زمانەکەمان سازمان کربا. پێم وا بێ ئاماژە بە هەندێک لەو کەمتەرخەمییانە جێگای کەڵک بێ کەوا لە داهاتوودا ئاسانتر و لەکاتی خۆیدا بتوانین تەکنۆلۆژیا تێکەڵی زمانەکەمان کەین:

  • کەمتەرخەمی لە پێک هێنانی فەرهەنگی تەگکراوی ئیلکترۆنیکیی کوردی: واتە فەرهەنگێک کە نە تەنیا لیستی وشە لە خۆی بگرێ، بەڵکوو دیاری بکا هەرکام لە وشەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە (نێو، ئاوەڵناو، کردار و هتد).
  • کەمتەرخەمی لە ساز کردنی سیستەمی ئانالیزی مۆرفۆلۆژیکی کوردی: واتە سیستەمێک کە بتوانێ پێکهاتەکانی وشەیەک لێک بکاتەوە و مۆرفیمەکانی دەربێنێ.
  • کەمتەرخەمی لە شێوازی نووسینمان و پاراستنی ڕێنووسی کوردی وەکوو گەلێک کە خاوەنی زمانی خۆیەتی.
  • کەمتەرخەمی لە بەرکارهێنانی تەکنۆلۆژیا لە بۆ پەرەپێدانی زمانەکەمان.
  • کەمتەرخەمی لە ناساندنی زمانەکەمان بە کۆمەڵگای تەکنۆلۆژیزانی نێونەتەوەیی کەوا ئەگەر بۆخۆشمان نەمانبێ کەسانێک کە شارەزای بابەتێکی پسپۆڕانە بن، کەسێکی دیکە لە کێشەکەمان بگا و بەڵکەم چارەسەرێکمان بۆ بدینێتەوە!

بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر پەرەپێدانی ئەم ئامێرە و هەڵسەنگاندنی زانستی، سەیری ئەم دوو وتارە بکە:

چۆن بە کاری بێنم؟

پێش هەموو شتێک، دەبێ پڕۆگرامێک کە هەڵەگرەکە تێیدا کار بکا لە سەر کامپیوترەکەت دامەزرابێ. لەم خشتەیەدا، دەتوانن شێوازی داگرتنی هەڵەگرەکە بە پێی پڕۆگرامەکان بدیننەوە:

نێوی ئامێر
لینکی هەڵەگرەکە
فایلی سەرەکیی هەڵەگرەکەفایلی یاسا مۆرفۆلۆژیکەکان .aff
فایلی فەرهەنگی تەگ کراو .dic
LibreOffice LibreOffice Extension (.oxt) دابەزاندن
Microsoft Officeچاوەڕێ بن
Firefox (Mozilla)چاوەڕێ بن
Chromeچاوەڕێ بن

لیبرئۆفیس

لیبرئۆفیس (LibreOffice) هاوتای کراوەی Microsoft Office ە کە پێویستی بە کڕینی لایسێن بۆ بە کار هێنانی نییە. کەوا بوو، زۆر بە بەربڵاوی بۆ دەست وەردان لە دەق لێی کەڵک وەردەگیردرێ.

بۆ بە کار هێنانی هەڵەگرەکە لە سەر لیبرئۆفیس، ئەم هەنگاوانە شوێن کە:

١. پڕۆگرامەکە دابەزێنە و دایمەزرێنە

سەردانی ماڵپەڕی لیبرئۆفیس بکە و بە پێی مۆدێلی کامپیوترەکەت، پڕۆگرامەکە دابەزێنە و دایمەزرێنە: https://www.libreoffice.org/download/download/

٢. زیاد کردنی هەڵەگرەکە

لە بۆ زیاد کردنی هەڵەگرەکە، لیبرئۆفیسەکەت بکەوە و بەم ڕێگەیەدا بچۆ: Tools > Extension Manager

کە لە سەر Extension Manager کلیک بکەی، پەنجەرەیەکی دیکە دەکرێتەوە کە تێیدا دەتوانی فایلی هەڵەگرەکە کە لە سەرەوە داتبەزاندبوو زیاد بکەی. کەوا بوو، لە سەر Add کلیک کە و فایلی ckb.oxt ەکە هەڵبژێرە.

لەم قۆناغەدا، لایسێنسی ئامێرەکە قبووڵ دەکەی و هەڵەگرەکە لە لیبرئۆفیسەکەت زیاد دەکرێ:

٣. دڵنیا بە دامەزراوە

بۆ دڵنیاییت لە دامەزراویی ئامێرەکە، لیبرئۆفیسەکەت داخە و جارێکی دیکە بیکەوە. پاشان، بەم ڕێگەیەدا بچۆ: Format > Character .... دیسانەوە پەنجەرەیەکی نوێ دەکرێتەوە کە تێیدا لیستی زمانەکان هەیە. بەو شێوەیە کە لە وێنەکەدا نیشان دراوە، زمانی کوردی لە نێو لیستەکەدا بدۆزەرەوە، کە بە Central Kurdish (Sorani) نیشان دراوە و ئەگەر هەڵەگرەکە بە باشی دامەزرابێ، وا تیکێکی کەسک بە شێوەی ✅ لە کنیدا دیارە و هەڵەگرەکە ئامادەیە. زمانی کوردی بە تیکە سەوزەکەوە هەڵبژێرە.

جاری وایە، لەو پەنجەرەیەدا تەنیا ئەو زمانانە نیشان دەدرێ کە ڕێنووسی لاتینیان هەیە. بۆ نیشان دانی ڕێنووسی دیکە، وەکوو عەرەبی کە کوردیش بە کاری دێنێ، سەردانی Preferences > Language settings > Languages بکە و ئەو بەشانەی سوور کراون لە وێنەکەدا با بەو شێوەیە بن:

ئەگەر هەڵەگرەکەت نەدیتەوە، دڵنیا بە فایلەکەت بە دروستی دامەزراندووە و لە پاش دامەزرانیدا، لیبرئۆفیست ڕیستارت کردووەتەوە. نیشانەیەکی باش بۆ ئەوەی بزانی نووسراوەکەت بە کوردی ئامادەیە، نێوی زمانەکەیە کە لە خواری پەنجەرەکەوە دەردەکەوێ:

دەنا، بۆ هەر کێشەیەکی دیکە، تکایە پێم ڕابگەیەنە.

ئێستا چ بکەین؟

ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغی سەرەتاییدایە. تکایە ڕە چاو بگرە کار بێ کێشە نابێ و ئەمە ئەرکی هەموومانە ئەو پڕۆژەیە پێش بخەین. وا چەند بیرۆکە بۆ وە پێش خستنی ڤێرژێنەکانی داهاتووی هانسپێڵی کوردی:

  • زیاد کردنی وشە: ئایا وشەیەک هەیە کە هەڵەگرەکە نەیناسێتەوە؟ وشەکە و لێمای وشەکەم بۆ بنێرە، واتە وشەکە بە بێ پاشگر و پێشگر (تەشقەڵەیانتەشقەڵە:نێو).
  • وشەی بنزاراوەکانی سۆرانی: سۆرانی، یان کوردیی ناوەندی، بۆخۆی لە چەند بنزاراوان پێکهاتووە، وەکوو موکریانی، ئەردەڵانی، بابانی، هەولێری و هتد. ئەگەرچی هەموو بنزارەوەکان لێک نێزیکن، هەندێک وشە لای هەندێکیان جیاواز بە کار دەهێندرێ. هەروەها، مۆرفۆلۆژیی هەندێک لە بنزاراوەکان جیاوازی هەیە. بۆ نموونە، "ئەچمەوانێ" تایبەتە بە کوردیی ناوچەی سلێمانی، "چووگم" تایبەتە بە ناوچەی سنە، "نەمکردۆ" تایبەتە بە ناوچەی مەهاباد و "مارەکەم" تایبەتە بە ناوچەی هەولێر. ئەو جیاوازییانە هێندە زۆر و تایبەتن کە ناکرێ لە یەک هەڵەگردا بگونجێندرێن. بۆیە، پلانی داهاتوو، ساز کردنی هەڵەگری جیا بۆ ئەو بنزاراوانەیە و ئەو ئامێرە بڕیار نییە لە هەموو ئەو زاراوانە بە یەکجاری تێ بگا.
  • وشەی نوێ و زار: ئەگەر پسپۆڕی بوارێکی و لە زاری بوارەکەت دەزانی، تکایە هەڵەگرەکە تاقی کەوە و ئەو وشانەی نایانناسێتەوە بۆم بنێرە.

لە بۆ ناردنی وشەکان، چاکترین ڕێگا کۆ کردنەوەیان و ناردنیان لە ڕێگای ئەم فۆرمەوەیە: https://forms.gle/gVkkXWQj2DRoEnE98.

بە کار هێنانی Google Sheets باشترین شێوەی کۆ کردنەوەی وشە و تەگ کردنیانیەتی. واتە، بۆ هەر وشەیەک کە پێت خۆشە لە هەڵەگرەکە زیاد بکرێ، بشنووسە ڕۆڵی گرامەری وشەکە چییە. ئەمانە چەن نموونەن لە شێوازی پێک هێنانی وشەکان بۆ ناردنیان لە ڕێگای فۆرمەکەوە: “ڤایرۆس:ناو”، “سوان:کردار”، “ژیکەڵە:ئاوەڵناو”.

تێبینیی گرینگ

با ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە هەڵەگری ڕێنووس هەموو هەڵەیەک ڕەنگە نەتوانێ ڕاست بکاتەوە. تکایە بۆ زانیاریی زۆرتر لە سەر ڕێنووسی کوردی و ڕاستنووسیی زمانەکەمان، چاو لە پوختەی ڕێنووسی کاک دیاکۆ هاشمی بفەرموون.

میوانی قاوەیەکم دەکەی؟

بێجگە لەم پڕۆژەیە، هەندێک پڕۆژەی دیکەم لە بۆ پەرەپێدانی تەکنۆلۆژی لە بۆ زمانی کوردی ڕیک خستوون. ئەوانەش هەندێک لە پڕۆژەکانی دیکەمن:

ئەگەر پێت دەکرێ، پاڵپشتیی پڕۆژەکانم بە با بتوانم لە سەر ئەو پڕۆژانە بەردەوام بم:


سەبارەت بەم پڕۆژەیە

ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە چەند پڕۆژەی سەربەخۆ لە بۆ پڕۆسەس کردن و تێکەڵاندنی زمانی کوردی لەگەل تەکنۆلۆژیادا. ئەم ئامێرە لە ئامێری پرۆسەس کردنی زمانی کوردیدا بەردەستە و لە بۆ هەمووان کراوەیە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ڕا هەتا ئێستا، بە بەردەوامی لە سەر ئەم پڕۆژەیە کارم کردووە.

بەشداری

بێجگە لە زیاد کردنی وشە، ئەگەر ئەم پڕۆژەیەتان پێ خۆشە یان دەتانهەوێ لە بۆ بنزاراوەکانی دیکەی کوردی ئەم ئامێرە ساز کەن، تکایە بەشداری لەم پڕۆژەیە بکەن. ئەم پڕۆژەیە خۆبەخشانەیە و لە بۆ هەمووان کراوەیە لە ژێر لایسێنسی Attribution-ShareAlike 4.0 International Public License.

تکایە پرسیارەکان یان کێشەکانتان لە سەر گیتهابی پڕۆژەکە یان لە ڕێگای ئیمەیلەوە ڕابگەیەنن.

دوایین ئاپدەیت: 02/05/2022